پەرێز ڕەمەزان
ژیانی سیاسی نەرمین عوسمان تەنها بە خەباتێکی درێژ بۆ دامەزراندنی وەزارەتی ژن، بەهێزکردنی پێگەی ژنان لە دەسەڵات و نوێنەرایەتیی عێراق لە ئاستی نێودەوڵەتیش گرێدراوە، قۆناغێکە ژنان هەوڵیاندا لە ناوەندی بڕیاردا جێی بگرن.
نەرمین عوسمان پێشمەرگەی شاخ و سیاسەتمەدار لە چاوپێکەوتنێکی تایبەت بۆ ڕۆژنیوز، ژیانی سیاسی خۆی دەگێڕێتەوە لە دامەزراندنی یەکەم وەزارەتەکان و وەزارەتی ژنەوە، تا خەبات بۆ بەشداریی ژنان لە ناوەندی دەسەڵات، ئەم چاوپێکەوتنە لە سێ بەش پێکهاتووە و ئەمە بەشی دووەمە.
لە دامەزراندنی وەزارەتەکانەوە تا سەرۆک وەزیرانی بە وەکالەت
لە دوای ماوەیەکی درێژی کاری سیاسی، نەرمین عوسمان چەندین پۆستی گرنگی حکومی وەرگرتووە و بەشداری ژمارەیەک لە دامەزراوە و وەزارەتەکان کردووە.
بە وتەی خۆی، لە ساڵی ١٩٩٣ تا ساڵی ٢٠٠٠ لە دامەزراوەی منداڵپارێز کاری کردووە، سەرەتای ئەو ماوەیە لە هەولێر بوو، بەڵام دوای ڕووداوەکانی ٣١ی ئاب بۆ سلێمانی هاتەوە، دواتر بەشداری دامەزراندنی سەنتەری گەنجانی کرد.
دواتر لە ساڵی ٢٠٠٠دا بۆ یەکەمجار وەک وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی دەستنیشان کرا و لە هەمان کاتدا بەشداری دامەزراندنی ئەو وەزارەتەی کرد، دوای یەک ساڵ لە مانگی تەمووزی ٢٠٠١ بەرپرسیارێتی وەزارەتی پەروەردەی پێ سپێردرا و تا ساڵی ٢٠٠٤ لەسەر ئەو پۆستە مایەوە.
دوای ڕووخانی ڕژێمی پێشووی عێراق، وەک یەکەم ژن وەزیر چووە بەغداد و بەشداری دامەزراندنی وەزارەتی کاروباری ژنانی عێراقی کرد، هەنگاوێک کە بە پێشکەوتنێکی گرنگ لە بەشداری ژنان لە دەسەڵاتی فیدراڵی عێراق دادەنرێت.
نەرمین عوسمان لە حکومەتی فیدراڵی عێراق تەنها لە یەک وەزارەتدا نەمایەوە، بەڵکو بەرپرسیارێتی چەند وەزارەتێکی گرنگی دیکەشی گرتە ئەستۆ.
دوای وەزارەتی کاروباری ژنان، بەرپرسیارێتی وەزارەتی ژینگە و پاشان وەزارەتی مافی مرۆڤیشی پێ سپێردرا، نزیکەی ١١ ساڵ و نیو لە ئاستی وەزیر لە حکومەتی عێراقدا خزمەتی کردووە.
لە ساڵی ٢٠٠١ تا ٢٠٠٤ کە بەرهەم ساڵح سەرۆک وەزیرانی ئیدارەی ئەوکاتەی سلێمانى بوو، کاتێک لە گەشتی فەرمی دەبوو، ئەو وەک سەرۆک وەزیران بە وەکالەت بەرپرسیارێتی کارەکانی حکومەتی بەڕێوەبردووە.
دوای تەواوبوونی ئەو قۆناغەی کاری حکومی، جارێکی دیکە گەڕاوەتەوە بۆ ناو کاری حزبی و سیاسی و وەک ئەندامی سەرکردایەتی، بەردەوام بووە لە بەشداری لە بڕیارسازی و چالاکییە سیاسییەکان.
نەرمین عوسمان و چیرۆکی دامەزراندنی وەزارەتی ژن
لە قۆناغی دوای ڕووخانی ڕژێمی پێشووی عێراق، ژنان هەوڵیان دا دەنگیان لە پڕۆسەی بنیاتنانی دەوڵەتی نوێدا ببیسترێت، لە ناو ئەو هەوڵانەدا، نەرمین عوسمان یەکێک بوو لەو کەسانەی ڕۆڵێکی سەرەکی لە پێکهێنانی دامودەزگایەک بۆ پاراستنی مافەکانی ژنان بینی، دامودەزگایەک کە دواتر بە ناوی وەزارەتی ژن ناسرا.
نەرمین عوسمان باس لەوە دەکات، کە لە سەرەتای قۆناغی نوێ، داوا لە ژنان کرا لە هەموو پارێزگاکانی عێراقەوە بۆ بەغداد بچن، بۆ ئەوەی بە هاوبەشی پێشنیارەکانیان بۆ باشترکردنی دۆخی ژنانی عێراق بخەنە بەردەم دەسەڵاتی نوێ، هەر بۆیە لە سلێمانی نزیکەی ٧٠ ژن بەشداریان کرد.
بەپێی قسەکانی نەرمین عوسمان، ئەو پێشنیاری ئەوەی کرد کۆنگرەیەکی فراوان بۆ ژنان ببەسترێت، کە دواتر بە ناوی “دەنگی ژنی عێراقی” ناسرا، ئەو کرایە سەرپەرشتیاری کۆنگرەکە، لە ئەنجامی ئەو کۆنگرەیەدا، ڕاسپاردەکان ئامادە کران و درانە دەستی پاول برێمەر سەرۆکی دەسەڵاتی هاوپەیمانان لەو کاتەدا، یەکێک لە گرنگترین بڕیار و ڕاسپاردەکانی کۆنگرەکە، پێشنیاری دامەزراندنی وەزارەتی ژن بوو، وەزارەتێک کە ئەرکی سەرەکیی بریتی بێت لە چارەسەرکردنی کێشەکانی ژنان.
نەرمین عوسمان دەڵێت، یەکێک لە گرنگترین داواکارییەکانی کۆنگرەکە، تەرخانکردنی ٤٠٪ بۆ بەشداری ژنان لە دامودەزگاکانی دەوڵەت بوو، بەڵام کاتێک پرۆسەی نووسینەوەی دەستووری عێراق دەستی پێکرد، ئەو داواکارییە جێی خۆی لە دەقەکانی دەستووردا نەدۆزییەوە و نەکرا بە بڕیارێکی یاسایی، لەگەڵ ئەوەشدا، لیژنەی جیاواز لە هەموو بوارەکان پێکهێنرابوون و لە کۆتاییدا بڕیار درا وەزارەتێکی تایبەت بە کاروباری ژنان دامەزرێت.
بەو بڕیارە، نەرمین عوسمان بوو بە یەکەم وەزیری ژنی عێراق و دەشڵێت، وەزارەتەکە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە سەرۆک وەزیران هەبوو، ئەوەش ڕێگەی خۆشکرد بۆ ئەوەی پرسی ژنان بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بخاتە بەردەم سەرۆکایەتی حکومەت، لە ماوەی ئەو خولەدا، وەزارەتی ژن چەندین پرۆژەی گرنگی دەستپێکرد.
بە وتەی نەرمین عوسمان، تەمەنی کابینەکە تەنها یەک ساڵ بوو، ئەو ماوە کورتە ڕێگەی نەدا هەموو ئەو پلان و پرۆژانەی ئامادە کرابوون بە تەواوی جێبەجێ بکرێن، لە دوای گۆڕانی حکومەت، ئەو لە وەزارەتەکە دەرچوو و وەزیرێکی عەرەب جێگەی گرتەوە.
نەرمین عوسمان باوەڕی وایە، هەرچەندە تەمەنی وەزارەتەکە کورت بوو، بەڵام دامەزراندنی وەزارەتی ژن دەستکەوتێکی مێژوویی بوو، چونکە بۆ یەکەمجار پرسی ژنان لە عێراق لە ئاستی کابینەی حکومەتدا نوێنەرایەتی کرا و بنەمای دامەزراوەیی بۆ بەرگری لە ماف و بەشداریی ژنان دانرا.
کاتێک دەستکەوتەکان لە سنووری عێراق تێپەڕین
لە ماوەی دەیان ساڵ خزمەتکردن لە بوارە سیاسی و حکومییەکاندا، نەرمین عوسمان تەنها بە پۆست و بەرپرسیارێتی ناسراو نەبوو، بەڵکو بەهۆی ئەو پرۆژە و دەستکەوتانەی سەرکەوتووانەی ئەنجامی دا، چەندین خەڵاتی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی وەرگرت.
نەرمین عوسمان لە ژیانی کارگێڕی خۆیدا خەڵاتی زۆری وەرگرتووە، بەڵام یەکێک لە گرنگترینیان پەیوەندی بە ماوەی وەزارەتی ژینگەی هەیە، لە ساڵانی ٢٠٠٨ و ٢٠٠٩، کاتێک وەزیری ژینگە بوو، وەزارەتەکە پرۆژەیەکی گەورەی بۆ گەشەپێدان و پاراستنی ناوچەی ئەهوارەکان جێبەجێ کرد، پرۆژەیەک کە حکومەتی یابان سەرپەرشتی و پشتیوانی دەکرد.
سەرکەوتنی ئەو پڕۆژەیە وایکرد خەڵاتێکی نێودەوڵەتی پێ ببەخشرێت و ببێتە یەکەم ژن کە ئەو جۆرە خەڵاتە وەربگرێت.
دەستکەوتەکانی بەوەوە نەوەستا، لە ساڵی ٢٠١٦، ناوی نەرمین عوسمان وەک ژنی ساڵ لە عێراق هەڵبژێردرا، خەڵاتێک کە هەرسال بە ژنێک دەدرێت کە لە بوارە جیاوازەکاندا کاریگەرییەکی دیاری هەبێت.
بەڵام یەکێک لە شانازییە هەرە گەورەکانی، بە وتەی خۆی، بریتی بوو لەوەی بوەک یەکەم ژنی کورد و عێراق لە کۆنگرەی عەرەبیدا بەرپرسیارێتی کاروباری ژنانی کارگێڕ وەرگرت و بۆ ماوەی دوو ساڵ لەو پۆستەدا کاری کرد.
ژنان لە نێوان خەباتی نەتەوەیی و چەوساندنەوەی کۆمەڵایەتی
لە ڕوانگەی نەرمین عوسمان، مێژووی ژنانی کورد تەنها مێژووی خەبات لە دژی دوژمنی دەرەکی نەبوو، بەڵکو بەرگری لە مافی نەتەوە و خەبات لە دژی چەوساندنەوەی کۆمەڵایەتی و دابونەریتەکان بوو.
ئەو دەڵێت، ژنانی کورد لە قۆناغە جیاوازەکانی خەباتدا ڕاستەوخۆ ڕووبەڕووی دوژمن بوونەتەوە، بەڵام ئەوە تەنها بەشێک لە ئاستەنگەکانیان بوو، لە هەمان کاتدا، ژنان لە ژێر بارێکی قورسی چەوساندنەوەی نەتەوەیی، کۆمەڵایەتی و کەلتووریشدا دەژیان.
نەرمین عوسمان جەخت لەوە دەکاتەوە، زۆرێک لەو دابونەریتەی ژنانیان سنووردار دەکرد، هیچ پەیوەندییەکیان بە ڕەسەنایەتی کەلتووری کوردییەوە نەبوو، بەڵکو تێکەڵەی بیروباوەڕ و نەریتەگەلێک بوون کە بە درێژایی ساڵان بۆ چەوساندنەوەی ژنان بەکار هاتوون.
بەپێی قسەکانی، بارودۆخی سیاسیی ئەو سەردەمە ئاراستەی خەباتی ژنانی دیاری کردبوو، لەو کاتەدا، ژنان زۆرتر گرنگییان بە پرسی نەتەوەیی دەدا و خەباتی سیاسیان دەکرد، هاوکاری هێزی پێشمەرگەیان دەدا و ئامانجی سەرەکییان سەرکەوتنی خەباتی نەتەوەیی بوو، هەروەها بارودۆخی نائارامی سیاسی و دژواری ئابووری کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر ژیانی خەڵک هەبوو، کە دەرفەتی خوێندن بۆ ژنان و پیاوان کەم بوو.
بە باوەڕی نەرمین عوسمان، دوای جێگیربوونی دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستان، خەباتی ژنان لە شاخ و مەیدانی خەبات گواسترایەوە بۆ ناو دامودەزگاکانی دەوڵەت، یەکەم هەنگاو لە پەرلەمانەوە دەستی پێکرد، پەرلەمان وەک یەکەم دامەزراوەی دەسەڵات، دەرگای بەشداریی ژنانی کردەوە و ئەوە ڕێگەی خۆشکرد بۆ ئەوەی ژنان تەنها ئامادەبوونی ژمارەیییان نەبێت، بەڵکو بتوانن گوتار، بیرۆکە و پێشنیارەکانی خۆیان لە ناو بڕیارسازیی سیاسی بخەنەڕوو.
نەرمین عوسمان دەڵێت، هەنگاوی دواتر بریتی بوو لە چوونی ژنان بۆ کابینەی حکومەت، کافیەخان یەکەم ژن بوو کە وەک وەزیر دەستنیشان کرا و ئەوە نیشانەیەکی گرنگ بوو بۆ شکاندنی ئەو تێڕوانینەی ساڵانێک وتیان شوێنی ژن لە ناوەندی دەسەڵات نییە، ئەو ئەزموونە سەلماندی ژنان دەتوانن وەک هەر بەرپرسیارێکی دیکە پۆستە حکومییە بەرزەکان بە سەرکەوتوویی بەڕێوەببەن.
بەڵام لە ڕوانگەی نەرمین عوسمان، بەشداریی ژنان تەنها بە چوونە ناو پەرلەمان کۆتایی نەهات، کاتێک لە عێراق ڕێژەی ٢٥٪ بۆ نوێنەرایەتیی ژنان دیاری کرا، ئەو و هاوڕێکانی هەوڵیان دا ئەو بنەمایە بگوازنەوە بۆ هەموو ئاستەکانی دەسەڵات، لە کابینەی حکومەتەوە بگرە تا بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان، بۆ ئەوەی ژنان لە هەموو شوێنەکانی بڕیارسازی ئامادەبن، نەک تەنها لە پەرلەمان.
ئاماژە بەوە دەکات، ئەو هەوڵە بە ئامانجی خۆی نەگەیشت، چونکە دەسەڵات هەمیشە مەیدانی پێشبڕکێ و ململانێی سیاسییە، لەبەر ئەوە، گەیشتن بە شوێنی بڕیارسازی تەنها بە داواکردن نابێت، بەڵکو پێویستی بە خەبات و بەردەوامی هەیە.
نەرمین عوسمان لە کۆتایی ئەم باسەدا بە وتەیەکی پوخت دەڵێت، دەسەڵات شەڕە، ئەگەر دەتەوێت بەدەستی بهێنیت، دەبێت شەڕی بۆ بکەیت.
ئەم چاوپێکەوتنە لە رۆژی ٥ی ٧ی ٢٠٢٦ لە ماڵپەڕی رۆژ نیوز بڵاوکراوەتەوە

