Press ESC to close

نەرمین عوسمان: “خەباتگێڕ و سیاسەتمەدار، نووسەر، وەرگێڕ، ڕۆژنامەوان”

نەرمین عوسمان

“خەباتگێڕ و سیاسەتمەدار، نووسەر، وەرگێڕ، ڕۆژنامەوان”

نەرمین عوسمان حەسەن، لە ساڵی ١٩٥١ لە شاری کۆیە، لە بنەماڵەیەکی ڕۆشنبیر و نیشتمانپەروەر و ناسراو لەدایک بووە. لە ساڵی ١٩٧٢ بڕوانامەی بەکالۆریۆس لە کۆلێژی پەروەردە – زانکۆی بەغدا بەدەست دەهێنێت. لە هەمان ساڵدا لە سلێمانی وەک مامۆستای دواناوەندی دامەزراوە. دواتر بەهۆی دۆخی سیاسییەوە خۆی گواستووەتەوە بۆ شاری هەولێر.

سیاسەت و خەبات:

لە ساڵی 1971 بە سکرتێری یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان هەڵبژێردراوە لە کاتێکدا کە خوێندکاری زانکۆ بووە، لە ساڵی 1979 پەیوەندیی کردووە بە ڕیزەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە لە شاخ، پاش ئەوەی لە تەمەنێکی زووەوە و وەک یەکەم کچ پەیوەندی بە ڕیزەکانی ڕێکخستنی نهێنیی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستانەوە کردووە.

لە ساڵی ١٩٨١ وەک نوێنەری پەیوەندییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان چوونەتە سووریا، لە ساڵی ١٩٨٤ چوونەتە سوید و لە نەخۆشخانەیەکی هاندیکاپس لە ستۆکهۆڵم دامەزراوە و تا ساڵی ١٩٨٨ لەوێ کاری کردووە. لەدوای ساڵی ١٩٩٢ گەڕاوەتەوە کوردستان و بەردەوام بووە لە کاری سیاسی و ڕێکخراوەیی.

کاروباری حکومی و ڕێکخراوەیی:

لە ساڵی ٢٠٠٠ بووەتە وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان ، دوای ساڵێک بووەتە وەزیری پەروەردە. پاشان لە ساڵی ٢٠٠٤ وەک وەزیری کاروباری ژنان لە حکومەتی عێراق دەستبەکار بووە. لە ساڵی ٢٠٠٥ بووەتە وەزیری ژینگە و لە هەمان کاتیشدا وەزیری مافی مرۆڤ بووە، لە ساڵی ٢٠٠٦یش بووەتە وەزیری ژینگە لە حکومەتی عیراقدا.

لە میانەی کار و چالاکییەکانیدا، خاتوو نەرمین سەرکردایەتی چەندین شاندی عیراقی کردووە بۆ بەشداریکردن لە کۆنفرانسە نێودەوڵەتییەکانی پەیوەست بە ژینگە و سەرچاوەکانی ئاو. چەندین توێژینەوەی فرە بابەتی لە گۆڤارەکانی عیراقدا بە زمانی ئینگلیزی و عەرەبی و کوردی بڵاو کراوەتەوە.

لە چەندین کۆنگرە و کۆنفرانسی نێوخۆیی و عیراقی و نێودەوڵەتیدا وەک سەرۆک و ئەندام بەشدار بووە.

لەگەڵ گەڕانەوەی بۆ کوردستان، لە چەندین ڕێکخراوی جیاواز، بەتایبەت لە بواری منداڵان و ژناندا کاری کردووە.

هەروەها ئەندامی دەستەی ئەمیندارانی زانکۆی ئەمەریکی عیراقی – سلێمانییە و سەرۆکی دەستەی دەزگای ڕووەکی کوردستانە.

لە ئێستادا لەگەڵ خێزانەکەی لە سلێمانی نیشتەجێیە.

بەرهەمە چاپکراوەکانی:

لە بواری ئەدەبی منداڵاندا چەندین کێبی نووسیوە و وەرگێڕاوە، وەک:

  • شمشاڵژەنی ئاڵوواڵا، نووسین و وەرگێڕان، ٢٠١٨.
  • ئەفسانەی مادیبا، وەرگێڕان لە ئینگلیزییەوە، ٢٠٢١.
  • دوو مەیموون “ئونکی و جەنگڵ”، نووسین و وەرگێڕان، ٢٠٢١.
  • درەختە بەخشندەکە، وەرگێڕان لە ئینگلیزییەوە، ٢٠٢٢.
  • تەنها هێز بۆ شێر بەس نییە، نووسین و وەرگێڕان لە عەرەبی و ئینگلیزییەوە، ٢٠٢٢.
  • کاستۆری باخەوان، وەرگێڕان لە سویدییەوە، ٢٠٢٢.
  • خەونە گەورەکانی منداڵان، کوکو شانێل، وەرگێڕان لە عەرەبییەوە، ٢٠٢٢.
  • خەونە گەورەکانی منداڵان ، ستیڤ جۆبز، وەرگێڕان لە عەرەبییەوە، ٢٠٢٢.
  • خەونە گەورەکانی منداڵان، محەمەد عەلی کلای، وەرگێڕان لە عەرەبییەوە، ٢٠٢٢.
  • خەونە گەورەکانی منداڵان، ئاگاسا کریستی، وەرگێڕان لە عەرەبییەوە، ٢٠٢٢.
  • خەونە گەورەکانی منداڵان، ماری کوری، وەرگێڕان لە عەرەبییەوە، ٢٠٢٢.
  • خەونە گەورەکانی منداڵان، مەهاتما گاندی، وەرگێڕان لە عەرەبییەوە، ٢٠٢٢.
  • خەیاڵپڵاو، چیرۆکی پەروەردەیی، ٢٠٢٣.
  • گەڕانەوە بۆ مناڵی، چیرۆکی پەروەردەیی، ٢٠٢٣.
  • ئاژەڵە ناوازەکان-شێر، وەرگێڕان لە ئینگلیزییەوە، ٢٠٢٤.
  • ئاژەڵە ناوازەکان-پشیلە، وەرگێڕان لە ئینگلیزییەوە، ٢٠٢٤.
  • ئاژەڵە ناوازەکان-مار، وەرگێڕان لە ئینگلیزییەوە، ٢٠٢٤.
  • ئاژەڵە ناوازەکان-مەیموون، وەرگێڕان لە ئینگلیزییەوە، ٢٠٢٤.
  • موزیکژەنەکانی شارۆچکەى بریمەن، وەرگێڕان لە ئینگلیزییەوە، ٢٠٢٤.
  • مریشکە سوورە بچکۆلەکە، وەرگێڕان لە ئینگلیزییەوە، ٢٠٢٤.

چەندین کێبی بەنرخ و هەمەڕەنگی بە زمانی کوردی هەیە، کە زۆربەیان لە نووسینی خۆیەتی و چەند دانەیەکیشیان وەرگێڕانن:

  • ژن و سیاسەت؛ نە درەنگ نە پەراوێزبوون، وتار و بیروڕا، ٢٠١٧.
  • دیارە و دیدگا، کۆمەڵەوتار، ٢٠١٨.
  • گفتوگۆ لەگەڵ… نووسینەوەی مێژووی بەشێک لە ژنان، چاوپێکەوتن، ٢٠١٩.
  • لەبەر تریفەی مانگ خەونەکانی نیشتیمانمان دەچنی، بیرەوەرییەکانی نووسەر، ٢٠٢٠.
  • گوڵدانی ژن، چاوپێکەتن، بەرگی یەکەم، ٢٠٢٠.
  • بەردەبازی دوانەکەتن لە کاروان، کۆمەڵەوتار، ٢٠٢١.
  • ژیانی شاراوەی درەختەکان، پیتەر وۆڵبین، وەرگێڕان لە ئینگلیزییەوە، ٢٠٢٢.
  • گەڕانەوە بۆ کەرکوک، کۆمەڵەوتار، ٢٠٢٢.
  • مێگەرایی، کۆمەڵەوتار، ٢٠٢٣.
  • گوڵدانی ژن، چاوپێکەتن، بەرگی دووەم، ٢٠٢٣.
  • پەروەردەی سەردەم، پەرەوەردەیی، ٢٠٢٣.
  • کورد و عەرەب، نووسینی ئیبراهیم ئەحمەد، وەرگێڕان لە عەرەبییەوە، ٢٠٢٤.
  • چەند لاپەڕەیەک لە مێژووی بزووتنەوەی ژنانی عیراق، نووسینی خانم زوهدی، وەرگێڕان لە عەرەبییەوە، ٢٠٢٤.
  • گەردانە، شیعر، ٢٠٢٤.
  • ئاگر و بەفر… یادەوەرییەکانی جەلال تاڵەبانی، وەرگێڕان لە عەرەبییەوە، ٢٠٢٥.

بەرهەمەکانی بە زمانی عەرەبی:

  • لمحات استراتیجیة، مقالات واراء، ٢٠١٨.
  • علی ضوء القمر نسجنا احلام الوطن، بیرەوەرییەکانی نووسەر بە عەرەبی، ٢٠٢٣.

ڕۆژنامەوانی:

خاتوو نەرمین لە بواری ڕۆژنامەوانیشدا کاری زۆری کردووە؛ سەرنووسەری گۆڤاری نێرگز بووە، لە ئێستاشدا خاوەنی (ئینستتیوتی نارین)ە، کە دامەزراوەیەکی توێژینەوەیی قازانجنەویستە و دەیان کێب و سیمیناری لە بوارە جیاوازەکاندا، بەتایبەتی لە بوارەکانی پەروەردە، ژینگە، خێزان، ژنان، منداڵان و مێژوودا… پێشکەش بە کۆمەڵگەی کوردی کردووە، هەروەها بە زمانی کوردی، عەرەبی، ئینگلیزی، سویدی بابەتی بڵاو کردووەتەوە.

خەڵات و ڕێزلێنان:

لەسەر ئاستی دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان و عیراق و نێودەوڵەتی، دەیان خەڵات و قەڵغان و ڕێزلێنانی پێشکەش کراوە، لەبەر زۆرییان تۆمارمان نەکردن.