خه‌ندان: خه‌ڵه‌ف غه‌فور
نه‌رمین عوسمان، ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تیی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان پێیوایه كۆتایی شه‌ڕی داعش له به‌رژه‌وه‌ندیی خه‌ڵك و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌شكێته‌وه، سه‌ره‌ڕای ئازار و گرفته‌كانی.
له چاوپێكه‌وتنێكی تایبه‌تدا بۆ رادیۆ و سایتی خه‌ندان، نەرمین عوسمان ئاماژه به‌وه‌یش ده‌كات په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و وڵاتانی تر په‌یوه‌ندی حزبین، باس له‌وه‌ش ده‌كات هێشتا كهموكوڕییمان زۆره و پێویستمان به به‌غداده.
خه‌ندان: بۆچوونێك هه‌یه له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی كه كۆتایی ئه‌م ئاڵۆزییانه له به‌رژه‌وه‌ندی كورد ده‌بێت، تاچه‌ند له‌گه‌ڵ ئه‌م بۆچوونه‌ی و بۆچی؟
نه‌رمین عوسمان: هه‌رچه‌ند ئه‌و دۆخه ئاڵۆزه‌ی ئێستا هاتووه‌ته ئاراوه ئازار و ناخۆشی و شه‌هیدبوونی زۆری له‌گه‌ڵ خۆی هێناوه و بووه‌ته مایه‌ی نائارامی، به‌ڵام منیش بۆچوونم وایه كه له به‌رژه‌وه‌ندی كورد ده‌شكێته‌وه.
بێگومان ئه‌وه هۆكاری زۆرن، له‌ماوه‌ی شه‌ڕی كۆبانێ بۆ جیهان سه‌لمێنرا كه‌وا كورد نه‌ته‌وه‌یه‌كی خاكپهرسته و نیشتیمانی خۆی خۆشده‌وێ و سازش له‌سه‌ر ناسنامه‌كه‌ی ناكات، هه‌روه‌ها كێشه‌ی كورد ئاسۆی زیاتری به‌ڕوودا كرایه‌وه و جیهان زیاتر ئه‌و كێشه‌یه‌ی ناسی، هه‌روه‌ها پێشتر زیاتر چاوه‌كان له‌سه‌ر كێشه‌ی كوردبوون له باشوور و باكووری كوردستان و رۆژهه‌ڵات و رۆژئاوای كوردستان فه‌رامۆش كرابوون ته‌نانه‌ت له مێدیاكانی جیهانیشدا كه‌مترین ئاوڕی لێده‌درایه‌وه، به‌ڵام ئێستا ده‌بینین چاوی جیهان كه‌وته سه‌ر رۆژئاوای كوردستانیش و هه‌ستده‌كه‌ن كه‌وا كورد له‌وێش چاوساوهیه و ساڵانێكی زۆره زوڵمی لێده‌كرێ.
خاڵێكی تریش ئه‌وه‌یه كه كورد له مێژوودا رووبه‌ڕووی جینۆساید بووه‌ته‌وه، بۆ نموونه جینۆسایدی ئه‌نفال و هه‌ڵه‌بجه ده‌رگایه‌كی نێوده‌وڵه‌تی به‌ڕووی كورددا كرده‌وه ئه‌گه‌رچی ئێمه له‌ڕووی ده‌روونی و مرۆییه‌وه زۆر زیانمان لێ‌كرد و تاوه‌كو ئێستایش ئاسه‌واره‌كانی ماون، هه‌روه‌ها جینۆسایدی شه‌نگال و هه‌وڵدان بۆ جینۆسایدی كۆبانی و ناوچه‌كانی تر راسته ئازار و ناخۆشی زۆریان له‌گه‌ڵ خۆیان هێنا، به‌ڵام ئاسۆیه‌كی تر به‌ڕووی كێشهكهماندا ده‌كه‌نه‌وه و ئێستا جیهان پشتگیری كوردستان ده‌كات.
خه‌ندان: ئه‌و پشتگیریكردنه په‌یوه‌ندی به‌وه‌وه هه‌یه كه‌وا مه‌ترسی كاره‌ساتی مرۆییمان له‌سه‌ره یان ئه‌وه‌یه كوردستان وه‌كو دیفاكتۆیه‌كی سیاسی ده‌ركه‌وتووه له ناوچه‌كه‌دا؟
نه‌رمین عوسمان: به‌ڵێ په‌یوه‌ندی به‌وه‌وه هه‌یه كوردستان بووه‌ته دیفاكتۆیه‌كی سیاسی له ناوچه‌كه‌دا، هه‌روه‌ها گوتار و هه‌ڵوێستی سیاسی جیهانیش گۆڕاوه، جاران هه‌موو جیهان پشتگیری توركیای دژی په‌كه‌كه ده‌كرد، به‌ڵام ئێستا وانه‌ماوه و ئه‌وه‌تا هاوكاری په‌یه‌ده ده‌كه‌ن دژی داعش و باس له‌وه‌یش ده‌كرێت په‌كه‌كه له لیستی تیرۆر بهێنرێته ده‌ره‌وه.
هه‌روه‌ها بۆ جیهان روونبووه‌ته‌وه كه كورد نه‌ته‌وه‌یه‌كی ئاشتیخواز و دیموكراتخوازه و ده‌یه‌وێت له‌سه‌ر خاكی خۆی به‌ئارامی بژی، ئه‌مه‌یش كاریگه‌ری باشی هه‌یه له‌سه‌ر وه‌ده‌ستخستنی پشتگیری جیهانی بۆ كێشه‌ی كورد.
خه‌ندان: وتت كه به‌هۆی ئه‌و كێشانه‌ی دواییه‌وه رۆژئاوای كوردستانیش كێشه‌كه‌ی هاتووه‌ته به‌رباس، پێتوایه رۆژهه‌ڵاتی كوردستانیش هه‌مان حاڵه‌تی بۆ بێته پێشه‌وه؟
نه‌رمین عوسمان: له‌دوای هاتنی داعشه‌وه كێشه‌ی كورد بهپارچهكراوی باس ناكرێ، وتاری زۆرێك له رۆژنامه و نووسه‌ره جیهانییه‌كان بخوێنه‌ره‌وه ده‌ڵێن كێشه‌ی كورد نه‌ك باس پارچه‌كانی كوردستان بكه‌ن، ئه‌وان ده‌ڵێن كورد نه‌ته‌وه‌یه‌كی ئاشتیخوازه و پێویسته كێشه‌كانی چاره‌سه‌ر بكرێن و ئیتر تاكه‌ی ئه‌م نه‌ته‌وه‌یه بچه‌وسێنرێته‌وه؟
بۆیه ئه‌گه‌ر توانیمان به‌سه‌ركه‌وتوویی به‌سه‌ر ئه‌و كێشه‌یه‌دا زاڵبین و یه‌ك گوتاری و یه‌ك هه‌ڵوێستیمان بپارێزین ئه‌وا پێموایه كێشه‌ی كورد له رۆژهه‌ڵاتی كوردستانیش دێته‌وه به‌رباس، له‌م دواییانه‌یشدا هه‌ندێك جموجوڵی سیاسی له‌وێ دروستبووه.
خه‌ندان: كۆده‌نگییه‌كی جیهانی هه‌یه بۆ پشتگیریكردنی كوردستان و كورد، به‌ڵام له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆیی كۆده‌نگی نییه و به‌ڕوونی ده‌رده‌كه‌وێت و ده‌زانن ئه‌وه‌یش خراپ و مه‌ترسیداره، بۆچی؟
نه‌رمین عوسمان: له‌سه‌ر ئاستی سه‌ركردایه‌تی لایه‌نه سیاسییه‌كانی كوردستان و به‌تایبه‌تیش باشووری كوردستان ده‌یان كۆبوونه‌وه كراوه و بڕیاردراوه كه پێویسته یه‌ك گوتاری سیاسییمان هه‌بێت و رێككه‌وتنێكی ستراتیژیی تازه بهێنرێته كایه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو لایه‌نه‌كان پێكه‌وه كاربكه‌ن، به‌ڵام به‌داخه‌وه ئه‌مه شۆڕ نه‌بووته خواره‌وه و كاری جددی له‌سه‌ر نه‌كراوه، بۆیه به‌داخه‌وه هه‌ركه‌س هه‌ڵده‌ستێت لێداونێك ده‌دات كه له‌به‌رژه‌وه‌ندی یه‌ك گوتارییه نییه و هه‌ڵه‌یه‌كی مێژوویی گه‌وره‌یه.
خه‌ندان: ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستم له یه‌كێتی و پارتی بێت ئه‌وه جیاوازیی سیاسی ئێوه په‌یوه‌ندی به‌جیاوازی ستراتیژ و ئامانجهكانتانهوه هه‌یه یان وه‌كو ده‌وترێت له‌ژێر كاریگه‌ری سیاسه‌ت و هه‌یمه‌نه‌ی ئێرانه كه ئێوه نزیكن لێییانهوه یان توركیا كه پارتی نزیكه لێییانهوه؟
نه‌رمین عوسمان: له‌كاتی ئاشتیدا ئاساییه ئه‌و په‌یوه‌ندیانه هه‌بێت به‌تایبه‌تی بۆ نموونه زۆنی یه‌كێتی كه سنوورێكی فراوانی له‌گه‌ڵ ئێران هه‌یه و نابێت دژایه‌تی بكات و سنووری ده‌سه‌ڵاتی پارتیش سنوورێكی فراوانی له‌گه‌ڵ توركیا هه‌یه و ناتوانێت دژایه‌تی بكات، له‌كاتی نزیكبوونه‌وه له مه‌خمور و هه‌ولێر ئێران یه‌كسه‌ر هاته سه‌رخه‌ت و كێشه‌ی ناوچه‌كه‌ی به‌هی خۆی زانی و نه‌یوت ئه‌مه زۆنی پارتییه و من حه‌قم نییه به‌سه‌رییه‌وه. توركیایش كه نه‌هاته سه‌رخه‌ت بێگومان به‌رژه‌وه‌ندی سیاسی خۆی هه‌یه.
خه‌ندان: به‌ڵام ده‌وترێت هه‌ر ئێران بۆ خۆی یه‌كێكه له هۆكاره‌كانی تێوه‌گلانی هه‌رێمی كوردستان له‌شه‌ڕی داعش؟
نه‌رمین عوسمان: نه‌خێر وانییه پێش ئه‌وه‌ی ئێران هه‌نگاوبنێت یان ده‌ستتێوه‌ردان بكات داعش په‌لاماری ناوچه‌كانی شه‌نگال و زوممار و مه‌خمور و جهلهولایدا، بۆیه ئێمه كه له دۆخێكی ئاڵۆزداین نابێت دژایه‌تی ئه‌و وڵاتانه بكه‌ین ته‌نانه‌ت پێویسته به‌پێی گونجان په‌یوه‌ندییه‌كانمان له‌گه‌ڵ ئێرانیش باش بكه‌ینه‌وه.
خه‌ندان: باسی زۆنی سه‌وز و زه‌ردت كرد، بهوپێییه بێت تاوه‌كو ئێستا بڕواتان به‌بوونی ده‌سه‌ڵاتێكی حكومی نییه له‌سه‌ر ئاستی كوردستان كه په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێم و ده‌ره‌وه رێكبخات؟
نه‌رمین عوسمان: داموده‌زگامان هه‌یه، به‌ڵام به‌داخه‌وه تاوه‌كو ئێستا ئاراسته‌ی راستی ئیشه‌كانی خۆیان وه‌رنه‌گرتووه، په‌یوه‌ندییه‌كانیش په‌یوه‌ندی حزبین زیاتر له‌وه‌ی په‌یوه‌ندی حكومی و ده‌وڵه‌تی بن. راسته ئێمه نوێنه‌رایه‌تیمان له وڵاتان هه‌یه، به‌ڵام نوێنه‌ره‌كه له‌داڕشتن و دیاریكردنی ئاراسته‌ی په‌یوه‌ندییه‌كان زیاتر به‌قسه‌ی حزبه‌كه‌ی خۆی ده‌كات، بۆیه ده‌توانم بڵێم سیمای به‌ده‌وڵه‌تبوون تاوه‌كو ئێستا زۆر كه‌مه. دامه‌زراوه‌مان هه‌یه، به‌ڵام ته‌فعیل نه‌كراون و تائێستا سیمای حزبییان به‌سه‌ره‌وه دیاره.
خه‌ندان: پارتی لێی به‌رپرسه یان ئێوه‌یش؟
نه‌رمین عوسمان: هه‌موومان لێی به‌رپرسین.
خه‌ندان: په‌یوه‌ندی هه‌رێمی كوردستان و وڵاتانی دراوسێ هاوسه‌نگی تێدایه له جۆر و به‌رژه‌وه‌ندی هه‌ردوولا یان نه‌خێر ناهاوسه‌نگه و ئه‌وان سودمه‌ندی سه‌ره‌كین له‌و په‌یوه‌ندییانه؟
نه‌رمین عوسمان: بێگومان ته‌نیا په‌یوه‌ندی سیاسی به بنه‌ما وه‌رناگیرێ، به‌ڵكو په‌یوه‌ندی ئابووری و بازرگانی و فه‌رهه‌نگیش پێویسته هه‌بێت. ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌ت خۆی راسته‌وخۆ له‌و په‌یوه‌ندییانه به‌شداربێت ئه‌وه جۆری په‌یوه‌ندییه‌كانیش جیاواز ده‌بێت و ئێمه‌یش زیاتر لێی سودمه‌ند ده‌بین. كێشه‌ی سه‌ره‌كی ئێمه ئه‌وه‌یه دامه‌زراوه‌ی وڵاتی ئێمه هه‌ڵنه‌ستاوه به‌دروستكردنی ئه‌و په‌یوه‌ندییانه و به‌ره‌پێشبردنی. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا پێموایه هه‌موولایه‌ك سوود له‌و په‌یوه‌ندییانه وه‌رده‌گرن و ئێمه‌یش به‌پێی سه‌نگ و به‌رژه‌وه‌ندی خۆمان.
خه‌ندان: باست له‌وه‌كرد كه په‌یوه‌ندی هه‌رێم و وڵاتانی تر تاڕاده‌یه‌ك سه‌ركه‌وتوو بووه، به‌هۆی بوونی ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌وه هه‌رێم چاوه‌ڕێی پشتیوانی زیاتری له توركیا ده‌كرد به‌تایبه‌ت كه هه‌نارده‌كردنی نه‌وت و بازرگانی زۆر له‌گه‌ڵ توركیا هه‌یه، به‌ڵام ئه‌مه نه‌كرا، به‌بۆچوونی جه‌نابت بۆ و ئایا پێتوایه ئه‌و په‌یوه‌ندییه ته‌ندروست و سه‌ركه‌وتووه؟
نه‌رمین عوسمان: په‌یوه‌ندی هه‌رێمی كوردستان و توركیا زیاتر په‌یوه‌ندییه‌كی ئابوورییانه بووه، ره‌نگه كاریگه‌ریشی هه‌بووبێت له‌سه‌ر به‌كارهێنانی هه‌ندێك وشه‌ی وه‌كو كورد و كوردستان و گۆڕینی كه‌مێك له بۆچوونی تورك به‌رانبه‌ر به‌كورد، به‌ڵام به‌ڕێژه‌ی 90% په‌یوه‌ندییه‌كی ئابووری و بازرگانی بووه. بۆیه به‌شێكی بۆ كاروباره سیاسییه‌كان بووه و یه‌كێتی زۆر به‌ڕوونی هه‌ڵوێستی خۆی له‌مباره‌یه‌وه پێشتر راگه‌یاندووه.
خه‌ندان: بازرگانی و هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان بۆ توركیا جێگای مشتومڕه تاوه‌كو ئێستا، به‌شێك له ئێوه پێتانوایه ئاگاداری ئه‌و مه‌له‌فه نین و پێشتریش له كابینه‌ی حه‌وته‌م جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم له پشكی ئێوه وتی ئاگاداری ته‌واوی ورده‌كارییه‌كانی مه‌له‌فی نه‌وتن، ئێوه له‌به‌رئه‌وه دژی ئه‌وه‌ن وه‌كو پارتی سوودی لێوه‌رناگرن یان هه‌ر به‌ڕاستی ئاگاداری ئه‌و مه‌له‌فه نین؟
نه‌رمین عوسمان: ناتوانم له‌بری ئه‌وانی تر قسسه بكه‌م، به‌ڵام من ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتیم و هیچ ئاگاداری گرێبه‌سته‌كانی نه‌وتی هه‌رێم نیم له‌گه‌ڵ توركیا.
خه‌ندان: بۆ مه‌له‌فێكی گرنگ كه حكومه‌ت سه‌رپه‌رشتی ده‌كات پێویسته هه‌موو ئه‌ندامانی سه‌ركردایه‌تی لایه‌نه سیاسییه‌كانی كوردستان ئاگاداری ورد و درشتی بن؟
نه‌رمین عوسمان: هه‌ندێكجار بۆ داڕشتنی سیاسه‌ت و به‌رچاو ڕوونی پێویسته، سه‌ركرایه‌تی یه‌كێتی باڵاده‌سته و بڕیار له‌سه‌ر زۆر شت ده‌دات، من ناڵێم هه‌موو ورده‌كارییه‌كانی بزانرێت، به‌ڵام به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه بۆ ئه‌وه‌نده بزانرێت كه بتوانی له‌باره‌یه‌وه وه‌ڵامی ئێوه بده‌ینه‌وه باشه.
خه‌ندان: به‌كورتی ده‌توانی پێم بڵێیت په‌یوه‌ندی هه‌رێمی كوردستان و توركیا سه‌ركه‌وتووه یان نه‌خێر؟
نه‌رمین عوسمان: له‌ڕووی بازرگانییه‌وه سه‌ركه‌وتووه.
خه‌ندان: په‌یوه‌ندی هه‌رێمی كوردستان و ئێران چۆن ده‌بینی؟
نه‌رمین عوسمان: تاڕاده‌یه‌ك له‌گه‌ڵ ئێرانیش به‌هه‌مان شێوه‌یه، په‌یوه‌ندییه‌كی بازرگانییه و به‌رژه‌وه‌ندی سیاسیش بوونی هه‌یه.
خه‌ندان: هه‌رێمی كوردستان زیاتر سوودی له په‌یوه‌ندی توركیا یان ئێران وه‌رگرتووه؟
نه‌رمین عوسمان: زانیاری و داتای وردی بازرگانیم نییه له‌سه‌ری، بۆیه به‌ده‌قیقی ناتوان وه‌ڵامت بده‌مه‌وه، به‌ڵام له‌ڕووی سیاسییه‌وه تاكو پێش هاتنی داعش ده‌توانم بڵێم هه‌ردووكیان وه‌كو یه‌ك بوون.
خه‌ندان: له په‌یوه‌ندیی ده‌ره‌كیدا پشت به ئێران ببه‌ستین یان توركیا باشتره؟
نه‌رمین: پشت به‌خۆمان ببه‌ستین، پێویسته ژێرخانی ئابووری و بواری وه‌به‌رهێنان باش بكه‌ین، سیاسه‌تێكی نیشتیمانی گونجاومان هه‌بێت له‌گه‌ڵ سوپایه‌كی یه‌كگرتوو، هه‌ر وڵاتێك بۆ ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كی هاوسه‌نگ و به‌هێزی هه‌بێت له‌گه‌ڵ ده‌ره‌وه‌ی خۆی ده‌بێت به‌هێزبێت بۆ ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كی هاوسه‌نگ بێت. پاش ئه‌وه ده‌توانیت له‌گه‌ڵ ده‌ره‌وه‌ی په‌یوه‌ندی ببه‌ستیت.
خه‌ندان: من به‌دیاریكراوی مه‌به‌ستم ئێران و توركیایه؟
نه‌رمین عوسمان: ناتوانم بڵێم كامیانه به‌دیاریكراوی، سنووری درێژ و فراوانمان له‌گه‌ڵ هه‌ردوولایان هه‌یه له‌ڕووی ئیدارییه‌وه و هه‌ردوو به‌شی باكوور و رۆژهه‌ڵاتی كوردستانیش ئه‌و سنووره‌ن. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا ناتوانین دژایه‌تی ئێران و توركیا بكه‌ین.
خه‌ندان: زۆر كه‌س ئه‌وه‌ی هه‌یه پێی ناڵێن په‌یوه‌ندی، به‌ڵكو بهتهسلیمبوونی ناوده‌به‌ن؟
نه‌رمین عوسمان: نه‌خێر په‌یوه‌ندییه و به‌هیچ جۆرێك ته‌سلیمبوون نییه.
خه‌ندان: په‌یوه‌ندییه‌كانی تر چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنی به‌تایبه‌ت له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا و به‌دیاریكراویش له‌سه‌روه‌ختی هاتنی داعشه‌وه؟
نه‌رمین عوسمان: په‌یوه‌ندییه‌كی سیاسی نێوده‌وڵه‌تی سهركهوتوومان هه‌یه و توانیومانه سوودی لێوه‌ربگرین، بوونی ئه‌و هه‌موو كونسوڵخانانهی له هه‌رێم هه‌یه هۆكاری باشن بۆ باشتربوونی ئه‌و په‌یوه‌ندییانه و ده‌كرێت سوودی زیاتر لێوه‌ربگرین.
خه‌ندان: ئه‌وه‌ش ده‌وترێت كه ئه‌و په‌یوه‌ندییانه دیوێكی سه‌لبی هه‌یه كه بریتییه له‌وه‌ی به‌هۆی باشی په‌یوه‌ندی ئه‌مه‌ریكا و پارتی و ئێران له‌گه‌ڵ یه‌كێتی وایكرد فشار له‌سه‌ر كوردستان دروستبكه‌ن بۆ به‌شداریكردنه‌وه‌ی حكومه‌تی عێراق، ئه‌مه تاچه‌ند وایه؟
نه‌رمین عوسمان: بوونی فشار شتێكی ئاساییه، چونكه ئه‌وانیش به‌رژه‌وه‌ندییان له عێراق هه‌یه، پێموایه له‌م قۆناغه‌یشدا به‌رژه‌وه‌ندی كورد له ئاشتی و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان و بهشداریكردنهوهیه له حكومه‌تی عێراق، چونكه له‌ماوه‌ی ئه‌و چه‌ند مانگه‌ی موچه و بودجه نه‌بوو ده‌ركه‌وت كه ناتوانین له‌ئێستادا كێشه‌كانمان چاره‌سه‌ر بكه‌ین و هێشتا پێویستمان به به‌غدایه. بۆیه بۆ ئێمه گرنگه له به‌غدا حكومه‌تێك هه‌بێت له‌گه‌ڵ كورد رێك و باش بێت.
• ئه‌مه به‌شێكه له چاوپێكه‌وتنێكی فراوانتر كه له‌چوارچێوه‌ی به‌رنامه‌ی (گفتوگۆی خه‌ندان)ی رایۆ خه‌ندان سازكراوه.

